حیزبی دێموکراتی کوردستان، دیاردەیەک لە دەسپێک و راسانێک لە پڕۆسەی رزگاریی نەتەوەییدا، ڕەحیم ڕەشیدی

 لە حەفتا و سێهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکەمین ئۆرگانی ئیداری، زانستی و رێکخراوەیی کوردیدا پێویستە شەنوکەوێکی گرنگ ئەنجام بدەین و لەگەڵ ئەوەی کە لە چوارچێوەی گوتارێکی ئاوادا جێی باسی هەموو بنج و بناوانەکانی ئەو حیزبه نابێتەوە،


پێویستە هەوڵ بدەین ئەو بناغەیە، ئەو بنج و بناوانە ئورگانییە کوردییە، بە وردی بخەینە پێش چاوی خۆمان و لەو سۆنگەیەوە لە روانگەیەکی زانستییانەوە، ئاستی وشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەلەکەمان لەو قۆناغە مێژووییەی سەردەمی دامەزرانی ئەو حیزبە هەڵسەنگێنین و ئەمڕۆی تێدا پێناسە بکەین کە چۆن ئەو حیزبە وەک حیزبێکی “سڤیل”ی بیرکار بە بیری نهتهوهیی دامهزراو چۆن ئێستا لەم قۆناغە پڕ گرێژەنەیەی نەتەوەکەیدا، نەک هەر ئاقاری سەرەکیی سیاسەتی نەتەوەیی خۆی بەرنەداوە، بگرە زانستیانەتر بە وشیاری و بیرمەندییەکی بناغەییەوە خزمەت بە دۆزی زانستی “سەرەوەریی نەتەوەیی” کورد دەکات.

سەرەتای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

دوکتور قاسملوو لە پەرتووکی چل ساڵ خەبات لە پێناو ئازادی، لە لاپەڕەی شەشەمدا دەڵێ: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، سەرەتای هەیە، هەلومەرجی تایبەتی پێکهاتنی خۆی هەیە و هەروەها رێگایەکی دوورودرێژی بڕیوە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ.

سەرەتای دامەزرانی حیزبی دێموکرات _ بە گوێرەی لێکدانەوەیەک کە ئەمڕۆ دەتوانین لەسەری ئەنجام بدەین_ بە چەند هۆکار دەتوانێ زۆر ئەستەم بووبێ:

یەکەم: ئامادەنەبوونی ژێرخانی ئابووریی کۆمەڵی ئەودەمی کوردستان بۆ دروستبوونی وەها دیاردەیەکی زانستی کە لەسەر بناغەی بیر، نوێکاری، خوێندەواری و رچەشکێنی دامەزراوە.

دووهەم: ئاستی خوێندەرواریی خەڵک و تێگەیشتن لە كایه سیاسی و ناوچەییەکانی ئەو سەردەمەی پاش جەنگی جیهانیی دووەم، بە تایبەت کاتێک دەبینین کە لە سەردەمی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، لە سەدا نەوەدوپێنجی دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان، نەخوێندەوار بوونە و ئەو رێژەیە لە نێو ژناندا لە سەدا سەد بووە. (چل ساڵ خەبات، ل.١٥. د.قاسملوو)

سێیەم: لەو سەردەمەدا کە نیزامی ئابووری_کۆمەڵایەتی نیزامێکی فێئوداڵی بووە، ٧٨ لەسەدی زەوی بەدەستی خاوەن مڵکە گەورەکانەوە بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە جوتیاران تەنیا خاوەنی ٨ لەسەدی زەوی بوون و لە سەدا ٦٠ی جوتیاران نەکەم و نە زۆر خاوەن زەوی‌وزار نەبوون و ٢٣ لەسەدیان کەمتر لە هێکتارێکیان زەوی بەر دەکەوت. ئەوە لە کاتێکدا بووە کە ٥٦ لەسەدی زەوییەکان بە دەست یەک لە سەدی دانیشتووانی لادێ، واتە مالیکە گەورەکانەوە بووە.(چل ساڵ خەبات، ل١٦. د.قاسملوو)

چوارەم: پاڵەپەستۆی سیاسی_ئابووریی جیهانی پاش جەنگی جیهانیی دووهەم و مامەڵە و کایە سەربازی، سیاسی و ئابوورییەکانی زلهێزان بۆ بە میراتبردنی جیهانی ئەودەمی پاش جەنگ و لاوازبوونی ئەودەمی کوردیش هەم وەک نەتەوە کە ئەودەم ژمارەی دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە زۆر گەیشتۆتە سێ ملیۆن و هەم وەک خەڵکێکیش کە قەت لە مێژووی خۆیدا تا پێش دامەرزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، خاوەن رێکخراوێکی وا نەبووە بتوانێ کایە سیاسی و سەربازییەکانی جیهان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵسەنگێنێ و شەنوکەویان بکات.

پێنجەم: کوردستان ناوچەیەکی پاشکەوتوو بووە لە وڵاتێکی پاشکەوتوودا کە لە توانا و قەوارەیدا نەبووە رۆڵگێڕ بێ لە کایە سیاسی و سەربازییەکانی دوای جەنگی جیهانی و تەنانەت نەیتوانیوە لە ئاستی ئازەربایجانی رۆژهەڵاتدا بێ کە ئەودەم لە دراوسێیەتیی ناوچەی سەرهەڵدانی حیزبی دێموکرات، واتە “مەهاباد”دا بووە.

بە گوێرەی ئەو هۆکارانە و زۆر هۆکاری دیکە، سەرەتای دامەرزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بێگومان سەرەتایەکی پڕ کێشە و قورس و پڕ گرێژەنە بووە بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمجار لە کوردستاندا بیریان لەوە کردۆتەوە وەها حیزبێک دامەزرێنن و خەباتی کورد بخەنە سەر راستایەکی دیکە لە خەباتی سیاسی و زانستی.

بزووتنەوەکانی پێشووی کورد و بەستەرێک بۆ هەنگاوی نوێتر

گەر بمانەوی زۆر لە رۆژی دامەزرانی حیزب دوور نەکەوینەوە و مێژووی کورد لە دەوروبەری ئەو مێژوویە بخەینە بەر سەرنج، دەبینین کە ویستی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات، لەگەڵ ئەوەی کە زانستیانە و ئەمڕۆییانە _ تا پێش دامەزرانی حیزبی دێموکرات_ هیچ ئۆرگان و رێکخراوێکی بۆ پێکنەهاتووە، بەڵام بە رێبەرایەتیی رێبەری نەتەوەیی کورد سمکۆی شکاک و لە بەرانبەر نیزامی رەزاشادا کە پاش کودتایەکی سەربازی بە یارمەتیی دەوڵەتی بریتانیا هاتبووە سەر کار، بەرخۆدانی هەبووە. ئەمە جگە لەوەیکە بڵێسەی بیری نەتەوەیی هەر لەسەردەمی جەنگی چاڵدۆران و پاش رێککەوتنی ١٦٣٩( رێککەوتنی زەهاو)ی نێوان شای سەفەوی و سوڵتانی عوسمانی کە بە فەرمی بۆ یەکەمجار کوردستانی دابەش کرد، لە هەموو دەڤەرێکی کوردستان سەریهەڵدابوو و هەرجارە و لە جێیەکی کوردستان بە رێبەرایەتیی شێخێک، سەرۆک هۆزێک، قارەمانێک یان زانایەکی ئایینی، خۆی نیشان داوە.

مەهاباد پێگەیەک بۆ جوڵەیەکی نەتەوەیی و رێکخراوەیی

ناوچەی موکریان وەک ناوچەیەک کە لەودا، بەربەرەکانێ لە دژ داگیرکارانی کوردستان تێیدا هاتبووە کایە و زۆر رووداوی مێژوویی، سەربازی و سیاسیی _تا پێش دامەزرانی کۆمەڵەی “ژ.ک”_ی بە خۆیەوە دیتبوو، هەمدیسان لە قۆناغی پاش جەنگی جیهانیی دووەم، بە گوێرەی هەڵکەوتوویی سیاسی و جوغرافیایی ئەوکاتی و لەباربوونی بۆ جووڵەیەکی نوێی نەتەوەیی، دیسان مەکۆیەکی گرنگ بووە بۆ وەرچەرخانێکی گرنگی سیاسی_نەتەوەیی .

خۆنزیک‌کردنەوەی رەزاشا لە ئاڵمانی نازی و هیتلێر لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم، بووە هۆی ئەوەیکە پاش دۆڕانی نازیسم، بەرەیەکی گەورە لە وڵاتە بەهێزەکانی ئەودەمی وەک یەکیەتیی سۆڤیەت، بریتانیا و ئامریکا، لە دوو لاوە، واتە لە باکوور و باشوورەوە هێزەکانیان ئێران داگیر بکەن. خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاوی ئەرتەشی سووری یەکیەتی سۆڤیەت لە باکوورەوە و ئامریکا و ئینگلیس لە باشوورەوە هاتنە نێو خاکی ئێران و رەزاشا نەیتوانی چووکەترین دژکردەوە لەدژیان نیشان بدات. پاش دوورخستنەوەی رەزاشا، دەرفەتێکی باش بۆ پەرەسەندنی بیری دێموکراتیک و ئازاد دەرەخسێ و دەرگەیەک دەکرێتەوە بۆ ئەوەی گەلانی ئێران، خەڵکی ئازادیخواز و لایەنی سیاسیی جیاجیا بتوانن بە بێ ترس دەست بکەن بە کاروچالاکی و هێنانەئارای ویستە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان.

ئەرتەشی سوور تا شاری ورمێی خستبووە ژێر چنگی خۆی و بەشی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستانیش کەوتبووە ژێر دەستی بریتانیا.

لەو نێوەدا ناوچەی مەهاباد مەڵبەندێک بووە کە نە ئەرتەشی سوور و نە هێزەکانی ئینگلیس دەسەڵاتیان بە سەریدا نەبووە و بۆشاییەک دروست بووە کە خەڵکی ئەو ناوچەیە وەک دەرفەتێک ئەیقۆزنەوە و بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان وەدەست دەگرن.

ئالێرەدایە کە بەستێن رەخساوە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار رێکخراوێکی رامیاریی کوردی بە ناوی کۆمەڵەی “ژێ کاف” یان ژیانەوەی کورد، لە دایک ببێ.

ژێ کاف

کۆمەڵەی “ژێ کاف” کە کۆمەڵەیەکی تەواو نەتەوەیی بووە، رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاوی لە لایەن ١١ کەسی ئەو شارەوە کە بریتی بوون لە حوسەین فروهەر، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەبدولڕەحمان ئیمامی، عەبدولقادر مودەڕسی، نەجمەدین تەوحیدی، موحەممەد نانەوازادە، عەلی موحەمەدی، موحەممەد ئەسحابی، عەبدولڕەحمان کیانی، سدیق حەیدەری و قاسم قادری، بە فەرمی پێکدێ( چل ساڵ خەبات، ل ٢٨).

لە پەرتووکی ئاڵەکۆک، لاپەڕەی ٣٢ ، لە نووسینی غەنی بلوریان، هاتووە کە جگە لەو ١١ کەسە چوار کەسی دیکەش هەن کە لە دامەزرێنەرانی ژێکافن و بریتین لە: مەلا عەبدوڵای داودی، موحەممەدی یاهوو، ئەحمەدی عیلمی، عەزیزی زەند (عەزیز ئاڵمانی)

هەر لەم خاڵەوە، واتە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف، خاڵێکی وەرچەرخانی سەرەکی لە نێو کۆمەڵگەی سیاسیی کوردیدا دەست پێدەکات و ئەم هەنگاوە خۆی لە خۆیدا وەک یەکەم رچەشکێنی لە مێژووی گەلەکەماندا، بەئەژمار دێ. لەبەر ئەوەیکە ئەوە بۆ یەکەمجار بووه وەها رێکخراوێک لەلایەن کەسانی ئاسایی کۆمەڵگەوە کە خاوەن پشتێنە یان پێشینەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی نین، پێکدێ. ئەو کەسانە لە چین وتوێژە مامناوەندییەکانی کۆمەڵگە بوون و بەو کارەیان رێبەریی بزوتنەوەیان نەدایە دەستی سەرۆک هۆز، ئاغا، دەرەبەگ ، شێخ یان کەسایەتییەکی ئایینیی و چوارچێوەیەکی وایان پێکهێنا کە رێبەریی بزووتنەوە بە شێوەی شۆرایی و لە قەوارەی ئۆرگاندا بکرێت و هەرکەس کە دەبووە ئەندامی ژێکاف، دەبوو سوێندی خواردبا خیانەت بە کورد و کوردستان و بە ژێکاف نەکات و نهێنییەکانی بپارێزێ و پابەند بێ بە بڕیار و یاساکانی رێکخراوەکە. بەم هەنگاوە لە راستیدا دەبینین کە یەکەم بنەماکانی پێکهاتنی ئۆرگان بە شێوەی زانستییەکەی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دروست دەبێ و ئەندام یان تاک پابەندیی خۆی بە کۆمەڵگەیەکی نوێتر نیشان دەدا کە ئۆرگانەکەیەتی نەک بە هۆز یان ئاغا، دەرەبەگ یان شێخ یان کەسایەتییەکی تایبەت.

گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە، دەتوانین بڵێین پێکهێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف_بە هەموو کەموکوڕییەکانیانەوە _ خوێندنەوەیەکی زانستیانەتریان لە جووڵانەوەکانی پێش خۆیان هەبووە بۆ دۆزی کورد و لەدایکبوونی “ژ.ک” یەکەم خاڵی وەرچەرخانە بۆ بەئۆرگانیزەکردنی کورد و هەوڵدان بۆ دانی پێناسەیەکی زانستی بە بزووتنەوە .

دامەزرێنەرانی ژێکاف، ئاگاداری کایە نوێ نێودەوڵەتییەکان بوونە و ویستوویانە لە هاتنی ئەو شەپۆلەدا کە باس لە مافی گەلان کراوە، جێگەیەک بۆ کورد وەدەست بێنن. هەڵبەت نکۆڵی لەوە ناکرێ کە ژێکاف لە هەندێک لە خوێندنەوەکانیدا بۆ رووداوە سیاسییەکان و ئەو جەمسەربەندییەی کە هەبووە، خوێندنەوەی هەڵەیان هەبووە. هاوکات ژێکاف رێکخراوێکی تەنیا کوردی بووە و لە بواری تکنیکییەوە ئەگەری ئەوە هەبووە کە لە داهاتوودا لە پرۆسەی کاریی خۆیدا تووشی کێشە بێ و نەتوانێ لەگەڵ هاونیشتمانییانی ناکوردی نیشتەجێی کوردستان بیروباوەڕەکانی خۆی بگونجێنێ کە ئەمەش دەتوانێ کاریگەرییەکی زۆری هەبووبێ لەسەر گۆڕینی ناوی “ژ.ک” بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان.

دوکتور قاسملوو لە پەرتووکی چل ساڵ خەبات، ل ٢٩دا دەڵێ: لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٢٢، واتە نزیک بە نۆ مانگ پاش یەکەم دامەزرانی کە یازدە تا پازدە کەس تێیدا بەشدار بوون، ئەمجار لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی نزیک سەد کەسیدا کە زیاتر بە کۆنگرە دەچوو، بڕیار درا ژێکاف بۆچوونەکانی خۆی لە بڵاوکراوەیەکدا بڵاو بکاتەوە. لێرەدایە کە یەکەم گۆڤار بە ناوی نیشتمان دەبێتە زمانحاڵی کۆمەڵەی ژێکاف.

ئەم هەنگاوەی ژێکاف نیشان لەوەیە کە ئەم چینە لە رێبەریی ژێکاف، بە هەموو کەموکوڕییەکانیانەوە کە هەیانبووە، وەک ناشارەزابوون لە بارودۆخی دروستی سیاسیی لە جیهان و کۆمەڵێک خاڵی دیکە، ویستوویانە شێوەی کاری ئۆرگانی بخەنە سەر رەیلێکی پێشکەوتووانە و وردە وردە هەوڵبدەن رای گشتیی کوردی دروست بکەن و سەکۆیەک پێکبێنن بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوە بۆ خەڵک و باسە گرنگەکانی تایبەت بە پرسی نەتەوەیی، مێژووی کورد و هەروەها رابردووی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد لە هەموو بەشەکاندا بخەنە بەر باس.

ژ.ک و پێوەندیی نەتەوەیی

کۆمەڵەی “ژ. ک” وەک رێکخراوێکی نەتەوەیی مەیدانێکی گەورەی کردەوە لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵات. هاوکات لە هەوڵدا بووە بۆ ئەوەیکە بتوانن لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا پێوەندی بگرن و نوێنەر بنێرن بۆ دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ ئەو بەشانە. بۆ نموونە هەر لە کۆبوونەوەی بانەمەڕی ساڵی ١٣٢٢ لە باخی حاجی داودی، بڕیار دەدەن قاسم قادری بتوانێ نوێنەری کوردەکانی رۆژهەڵات بێ بۆ پێوەندیگرتن بە کوردی بەشەکانی دیکە و هاوپەیمانییەک پێکبهێنن.

دەتوانین بڵێین کە لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئامریکا و ئینگلیس باشووری رۆژهەڵاتی کوردستانیان داگیر کردبوو و دەرەتانی ئەوە نەبووە کە رێکخستنەکانی ژێکاف لەو ناوچانە بەخێرایی ڕەگ داکووتن، ئەو رێکخراوە توانیویەتی هەم لە ناوچەی موکریان و هەم لەو دیو سنوورەکانی رۆژهەڵات واتە لە باشوور و باکووری کوردستاندا بە دوای ریشە هاویشتن و هاوپەیمانەتیدا بگەڕێ.

دوکتور قاسملوو لە چل ساڵ خەبات، لە لاپەڕەی ٢٨ دا ئاماژە بەوە دەدا کە هەر لە سەرەتای دامەزرانی ژێکاف، کوردی باشووری کوردستان لە دامەزرانیدا رۆڵیان هەبووە. بۆ نموونە میرحاج ئەحمەد کە ئەفسەرێکی ئەرتەشی عێراق بووە، لەلایەن حیزبی هیواوە کە ساڵی ١٩٣٩ پێکهاتبوو، لە یەکەم کۆبوونەوەی ژێکافدا بەشدار بووە.

ئەم هەنگاوە وایکردووە کە ژێکاف تەنیا لە قەوارەی رۆژانی یەکەمی دامەزرانی و چالاکبوونی لە نێو خەڵک، نەمێنێتەوە و لە بازنەیەکی گەورەتردا و وەک یەکەم هەنگاوی خۆی دەست بکات بە کاری پێوەندی و دێپلۆماسی.

هاتنی پێشەوا قازی موحەممەد بۆ نێو ” ژێکاف

هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێداوە، دامەرزانی رێکخراوێکی وەک کۆمەڵەی ژ.ک لەگەڵ ئەوەی پێویستییەکی مێژوویی بووە و لە خاڵێکەوە پێویست بووە دەستپێبکات، هاوکات گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانیشی و وەرگرتنی لە لایەن چینی دەستڕۆیشتووی کۆمەڵگەوە زۆر بەسانایی نەبووە.

بۆ ئەوەیکە ریشە بخاتە نێو کۆمەڵگە و خەڵک گوێڕایەڵی سیاسەتەکانی بن و پێڕەوەیی لێبکەن، بوونی کەسایەتییەکی وەک پێشەوا قازی موحەممەد گرنگییەکی تایبەتی هەبووە بۆ ئەو رێکخراوەیە.

ساڵی ١٣٢٣ قازی موحەممەد کە ئەودەم مرۆڤێکی جێی متمانەی خەڵک و پیاوماقوڵان و کەسانی خاوەن کاریگەریی شار و ناوچەی موکریان ئەبێ و هاوکات خۆشی کەسایەتییەکی زانا و لێهاتوو بووە و تا ئەودەم بەرپرسایەتی لە چەند ئۆرگان و دادگە و جێی جوداجودا لە شار و لە نێو کۆمەڵگەکەی خۆی هەبوو و جگە لەوەش لە کاتێکدا کە بۆشایی بەڕێوبەری لە ناوچەی مەهاباددا پێکهاتبوو، یەک لەوانە بووە کە ئیدارەی شاریان کردووە و وەک بەرپرسی ئەو بەڕێوەبەرییەی کە شاریان ئیدارە کردووە، دیاری کراوە.

قازی کەسێکی تێگەیشتوو و زانا بووە کە چەند زمانی زانیوە و شارەزایەکی زۆری لە سەر مێژووی کورد هەبووە و هاوکات لە بنەماڵەیەکی قسەرۆیشتوو و کاریگەری ناوچەکەش بووە و جێگەی رێزیش بووە لە لایەن رووسەکان.

هاتنی قازی موحەممەد بۆ نێو ژ.ک هێزێکی بەرینتر بەو رێکخراوەیە دەدات و زیاتر دەبێتە جێی متمانەی خەڵک. لە لایەکی دیکەوە بگرە و بەردە و کایە سیاسییە نوێکان کە کورد و ژ.ک نەیاندەتوانی خۆی لێوە دوور بگرن، وردەوردە بەرەو ئەوە دەهات کە دەبوو کورد روبەڕوویان ببێتەوە.

پێکهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکدێ. ئەمەش وا دەکات کە کۆمەڵەی ژێکاف لە قەوارەیەکی بەرتەسک و داخراوەوە، ئاڵوگۆر بەسەر خۆیدا بێنێ و بتوانێ خۆی بکاتە رێبەرو پێشەنگی خەباتی رزگاریخوازانە لە کوردستان و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دروستی سیاسیی ئێران و نێونەتەوەیی، هەوڵ بدات بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی کورد، بەشێوەیەک کە بتوانێ دۆست و لایەنگر بۆ کوردستان بدۆزێتەوە و لەو رێگەیەوە دۆزی کورد و کوردستان بکاتە دۆزێکی نێونەتەوەیی.

ئەمە نیشان دەدا کە پێشەوا قازی کەسێکی دووربین، شارەزا، وردبین و ئاشنا بە سیاسەتەکانی رۆژ بووە و لە هەوڵدا بووە کە لەهەر دەرفەتێک کەڵک وەرگرێ بۆ ئەوەی کورد بچێتە نێو کایە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە پێشەوا لایەنگری رامیارییەک نەبووە کە خەباتی کورد لە چوارچێوەی خەباتێکی “یان هیچ یان سەد” دا بێ. ئەم شێوە بیرکردنەوەیەی قازی موحەممەد، دواتر لە کەسایەتییەکی وەک دوکتور قاسملوودا بەدی دەکەین کە بە گوێرەی توانای بزووتنەوە و بارودۆخی نێودەوڵەتی هەوڵی دەدا دۆزی کورد لە هەموو پارچەکان و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە جیهان بناسێنێ و دۆستی بۆ بدۆزێتەوە.

بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کورد ئەبێ بە خاوەن یەکەم حیزبی مودێڕن و زانستی و ئەو حیزبە لە قەوارەی بەرنامەیەکی رووندا ویستەکانی کورد لە بەرنامەیەکی هەشت بەندیدا دەگونجێنێ و دەست دەکات بە رێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دەوری خۆی.

جگە لەوەش بە هۆی دامەزرانی وەها حیزبێکی دێموکرات لە کوردستان، زۆر حیزبی ئازادیخواز و دێموکراتی دیکە، کە لە بەشەکانی دیکەی ئێراندا پێکهاتبوون، دەبنە دۆستی حیزب و بناغەی دۆستایەتی دادەنێن. جگە لەوەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا حیزب دەتوانێ سەرنجی وڵات و هێزە دژەفاشیزمەکان بۆ لای خۆی راکێشێ، بە تایبەت هێزەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت.

کەواتە لەم قۆناغەدا دەبینین کە ژیربینیی رێبەرایەتیی حیزب و بە تایبەت پێشەوا قازی، وادەکات کە لە لایەک پێوەندییە نەتەوەییە کوردستانییەکان هەر لەسەر جێی خۆیان بن و هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش سەرنجی ئازایخوازان و وڵاتانی دژ بە فاشیزم بەرەو لای دۆزی کورد راکێشرێ. ئەوە بەو مانایەیە کە گۆڕانی ناوی حیزب لە ” ژ.ک” ەوە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان، تاکتیک بووە لە ستراتیژیی دۆزی نەتەوەییدا و هیچ لە ویستە جەوهەرییەکانی “ژ.ک” واتە ویستی کورد بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆی کەم نەکردۆتەوە کە ئەمەش دواتر زۆر بە روونی لە دامەزرانی کۆماری کوردستاندا خۆی نیشان ئەدا.

گەر سەرنج بدەینە قۆناغی هەنووکەیی و بارودۆخی سیاسیی کورد لەمڕۆدا، لە کاتێکدا کە دۆزی کورد زۆر ناسراوترە لە سەردەمی دامەرزانی حیزبی دێموکرات و کورد دۆستێکی زۆری لە پانتایی هەموو جیهاندا هەیە، دیسان هەر دەبینین چوار وڵاتی داگیرکاری کوردستان هەروا بەهێزن و لەهەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن کە تەنانەت تاکە بەشێکی کوردستانیش نەگاتە سەربەخۆیی؛ بۆ نموونە رێفراندۆمی باشووری کوردستان و هێرشکاری و هاوپەیمانەتیی ئەو وڵاتانە دژی باشوور و رووداوی ١٦ی ئوکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی، نوێترین هاوپەیمانەتییان بوو دژی پارچەیەکی کوردستان.

گەر بمانەوێ بارودۆخی کورد لەو سەردەمەدا کە کورد لە رۆژهەڵات خاوەن سێ ملیۆن حەشیمەت بووە و هیچ دۆست و ماسمێدیا و ناوبانگ و ئابووری و دێپلۆماسییەکی نەبووە، هەڵسەنگێنین، دەبێ درک بەوە بکەین کە پێشەوا قازی موحەممەد و حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەندە ژیرانە و دووربینانە توانیویانە شیکردنەوە بۆ ئەو قۆناغە نوێیەی ئەودەم بکەن و چەندە دەسکەوتیان بۆ کورد بە گشتی هەبووە.

بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان

بۆ ئەوەی زیاتر بە وردبینی و ژیربینیی پێشەوا و قازی بزانین، پێویستە سەرنج بدەینە بەرنامە هەشت بەندییەکەی ئەودەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

لە سەرەتای پێشەکیی ئەو بەرنامەیەدا ئاوا هاتووە:

ئاگری شەڕی جیهانگیر کە بە هۆی دوژمنانی ئازادی و لەژێرپێنەرانی دێموکراسی هەڵگیرسابوو، بە باسکی بەهێزی سەربازانی ئازای هاوپەیمانی گەورەی ئێمە، کوژایەوە. (چل ساڵ خەبات، ل ٣٥. د.قاسملوو)

ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشان دەدات کە چەند ژیرانە حیزبی دێموکرات ویستوویەتی لە بواری دێپلۆماسییەوە دۆست بۆ خۆی بدۆزیتەوە لە نێو وڵاتانی دژ بە بەرەی فاشیزم و سەرکەوتوو لە جەنگی جیهانیی دووهەم. لە درێژەی هەر ئەو پێشەکییەدا دەڵێ کە دێموکراسی سەرکەوت و دونیای فاشیزم کە دژی گەلان بوو، بە تەواوی تێک شکا. واتە لێرەدا حیزب هەڵوێستی خۆی روون دەکاتەوە کە لایەنگری دێموکراسییە. پاش باس لە بڵاوکراوەی “ئاتڵانتیک” کە کۆمەڵێک خاڵی لە پێوەندی لەسەر گەلانی بندەست تێدایە و ئاماژەی بە مافەکانیان داوە، هیواخوازە کوردیش بتوانێ لەو پەیمانە کەڵک وەرگرێ و بە مافەکانی بگات.

هەر لە درێژەی ئەو پێشەکییەدا زۆر بە تێروتەسەلی دەچێتە سەر باسی مافەکانی کورد و کورد وەک نەتەوە و مافی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی. ئەمە نیشان دەدات کە لەو گۆڕانە نوێیەدا، رێبەرانی حیزبی دێموکرات لە هەوڵدا بوون بۆ ئەوەی بەردەوام دەلاقەیەک بە کراوە راگرن بۆ هێنانەئارای دۆزی نەتەوەیی کورد لە هەر دەرفەتێکدا کە پێکهاتووە.

پاش پێشەکییەکە هەشت بەند لە بەرنامەی حیزبدا هاتوون کە لە هەر هەشت بەندەکەدا زۆر بابەتی جەوهەری جێگەی سەرنج هاتوون کە بریتین لە:

١.نەتەوەی کورد لە نێوخۆی ئێران کاروباری خۆی بەڕێوە ببات و خاوەن خودموختارییەکی تایبەت بە خۆی بێ.

واتە شێوەیەک لە شێوەکانی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی کورد لە ئێرانێکی دێموکراتیکدا.

٢.مافی خوێندن بە زمانی کوردی کە لە ماددەی دووەمی ئەو بەرنامەیەدا هاتووە. زمان وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیەک.

٣. لە مادەی سێیەمدا باسی ئەوە دەکرێ کە ویلایەتی کوردستان لەسەر بناغەی یاسای بنەڕەتیی وڵات، وەک یەکەیەکی نەتەوەیی_ جوغرافی دیاری بکرێ و خۆی خاوەن ئەنجومەنی ویلایەتیی خۆی بێ.

٤.کاربەدەستانی دەوڵەتی لەو ویلایەتە کە لە ماددەی چوارەمدا باسی لێوە کراوە، هاتووە کە دەبێ بە بێ ئەملاوئەولا لە خەڵکی ویلایەتی کوردستان بێ. لێرەدا نەیگوتووە دەبێ کورد بن، بگرە گوتوویەتی دەبێ لە خەڵکی ویلایەتی کوردستان بن کە دەتوانێ ئازەری، ئاسووری و ئەرمەنیی دانیشتووی هەرێمی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بن وەک هاونیشتمانیی کوردستانی.

٥. لە ماددەی پێنجەمی ئەو بەرنامەیەدا هاتووە کە پێویستە بە گوێرەی ماددەی یاسایی لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا، هاوسەنگی لە نێوان لادێی و خاوەن مڵک دیاری بکرێ و باڵانسی بەرژەوەندی و دەسکەوتی ئابووریی هەردوولا دیاری بکرێ. ئەم خاڵە ئاماژە بەوە دەدات کە بەرێوەبەرانی حیزبی دێموکرات، بە تایبەت خودی کەسایەتیی پێشەوا قازی _کە بۆ خۆی دادوەریش بووە_ هەوڵی داوە بناغەیەک لە کوردستان دروست ببێ بۆ پێشکەوتنی بواری یەکسانیی ئابووری_کۆمەڵایەتیی خەڵکی ویلایەتی کوردستان.

٦. لە بەندی شەشەمی بەرنامەی ئەودەمی حیزبی دێموکراتدا، زۆر بە روونی دووربینی لە خەبات بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و هاوپێوەندیی نێوان هێزی نەتەوەکانی دانیشتووی جوغرافیای سیاسیی ئێران دەبینرێ. لەو ماددەیەدا دەڵێ: حیزبی دێموکراتی کوردستان تێدەکۆشێ، لە خەباتی نەتەوایەتی و مافخوازیدا لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی ئێران، یەکیەتی و برایەتیی تەواو پێکبێنێ. ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ ئەم خاڵە بکەین، دەبینین کە لە ئێستادا کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کە حیزبی دێموکرات یەکێک لە پێکهێنەرە هەرە سەرەکییەکانیەتی، دەتوانێ لە خانەی ئەو ماددەیەدا جێبگرێ کە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، حیزبی دێموکرات پابەندیی خۆی لەسەر نیشان داوە.

٧. لە ماددەی حەوتەمی ئەو بەرنامەیەدا ئاماژە دراوە بە بایەخدانی حیزبی دێموکرات بە لەشساغی، فەرهەنگ، باشترکردنی بواری ئابووریی خەڵک کە کاریگەرە لەسەر ناخ و بواری دەرونناسیی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە کەڵکوەرگرتن لە سامانی سروشتی و کانگەکانی کوردستان.

٨. لە خاڵی شەشەمدا باسی هاوخەباتیی گەلانی ئێران کراوە لە خەباتی خۆیاندا لە پێناو دێموکراسی و مافی نەتەوایەتییاندا. لەبەر گرنگی و لە بواری پێداگرییەوە، دیسان لە ماددەی هەشتەمی بەرنامەی حیزبدا هاتووە کە:

ئێمە دەمانەوێ تەواوی گەلانی چوارچێوەی جوغرافیای سیاسیی ئێران، هەلی تێکۆشانی بە ئازادییان بدرێتێ بۆ بەختەوری و پێشخستنی نیشتمانی خۆیان.

ئێران لێرەدا بە جوغرافیایەکی سیاسیی هاوبەش دادەنرێ نەک بە نیشتمانێک کە هەموو گەلانی ئەو جوغرافیایە، بە پێی ویستی خۆیان وەک وڵاتی خۆیان قەبووڵیان کردبێ.

دووربینی و وردبینی و راستبینیی سیاسیی رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات لە کاتی دامەزرانیدا لە داڕشتنی وەها بەرنامەیەک، کاتێک دەردەکەوێ کە ٣٨ ساڵ پاش ئەو رێکەوتە لە داڕشتنەوە و نووسینەوەی بەرنامە و پێڕەوی حیزب، لە کۆنگرەی شەشەمیدا ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، هەمان ئەو هەشت خاڵە لە سەرەکیترین و گرنگترین خاڵە بناغەییەکانی سیاسەتی حیزبی دێموکراتن کە خودی دوکتور قاسملوو لە پەرتووکی چل ساڵ خەباتدا راست قامک دەخاتە سەر ئەو باسە لە لاپەڕەی ٤١.

حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئاستەنگ و دەسکەوتەکان

هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردووە، حیزبی دێموکراتی کوردستان پابەند دەبێ بە ئامانجەکانی “ژ.ک” و بە کردەوە، پاش ١٦٠ رۆژ لە کاروچالاکی، بە خوێندنەوەی بارودۆخی رۆژی ئەوکات و دامەزرانی دەوڵەتی ئازەربایجان لە دراوسێیەتی کورددا، توانی لە دووی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، رێبەرایەتیی خەڵک بکات بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان.

لەو بۆنەیەدا، بە فەرمی ئاڵای پاشایەتی ئێران دادەگیرێ و ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێ. نوێنەرانی هەموو پارچەکانی کوردستان لەوێ ئامادە دەبن و مەهاباد میوانداری لە گەورەترین و گرنگترین رۆژی مێژووی نەتەوەیی_زانستیی کورد دەکات. پێشەوا سوێندی یاسایی بە خاکی کوردستان دەخوات و پاشان کابینەی وەزیرانی کوردستان بە فەرمی پێکدێ و دەوڵەتی کوردستان دەستبەکار دەبێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان، زۆر خێرا لە ماوەی تەنیا ١١ مانگ لە دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا، توانی فەرهەنگی دێموکراسیخوازی، هەوڵدان بۆ داڕشتنی پلانی ئابووری، گۆڤار و رۆژنامە و قوتابخانەی کوردی بێنێتە ئاراوە و ئەرتەشی کوردستان دامەزرێنێ و وەزیری جەنگی بۆ دیاری بکات. حیزبی دێموکرات بۆ یەکەمجار ناوی پێشمەرگەی داهێنا بۆ سەربازی کورد و ئەو باوەڕبەخۆبوونەی دا بە گەلەکەی کە کورد لە هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەک هەر کەمتر نییە، بگرە ئێمە نەتەوەیەکین کە دەتوانین خۆمان بەڕێوە ببەین و نیشتمان و زانستی خۆمان پێشخەین.

لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی حیزبی دێموکراتدا، کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان، بە تایبەت بارزانییەکان بە رێبەریی مەلا مستەفای بارزانی روویان لە رۆژهەڵات کرد و لەو بەشە لە کوردستان قەت وەک میوان چاویان لێنەکراوە و نەک هەر خانەخوێ بوونە، بگرە لە بەڕێوەبەریی وڵاتیشدا جێگە و پێگەیان هەبووە و خزمەتیان بەو کۆمارە کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان، جگە لە دەسکەوت و سەرکەوتنەکانی، زۆر جار تووشی چەرمەسەری و ئاوارەیی و دژواری بووەتەوە لە خەباتی سیاسیی خۆیدا. زۆر جار جودابوونەوە تێیدا رووی داوە و کەوتۆتە بەر هێرشی دەزگا سیخورییە جیاجیاکانی وەک ساواک و ئیتلاعاتی ئێران و کە له رێبەرانی خۆی وەک پێشەوا قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی و رێبەرانی خەباتی چەکداریی ٤٦،٤٧ی هەتاویی، لەدەستداوە.

ئەو حیزبە لە مێژووی خۆیدا لەگەڵ رێژیمی پاشایەتیی و رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران رووبەڕوو بووەتەوە و زۆر جار برینی زۆر قورسیشی هەڵگرتووە، بەڵام قەت وازی لە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی وەک رۆشنبیریی سیاسی، دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی کورد، ئازادی و دێموکراسی، یەکسانی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستان نەهێناوە و بە هەموو بەربەست و دژوارییەکانەوە، هەوڵی داوە بە شێوەی ریشەیی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا جێگە و پێگەی خۆی بپارێزێ.

راسانێک لە پڕۆسەی رزگاریی نەتەوەییدا

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دژوارترین بارودۆخی نەتەوەیی کورددا توانی رێچکەیەکی نەتەوەیی دروست بکات بۆ گەلەکەی بۆ ئەوەی لە بێهیوایی دەری بهێنێ و هیواداری بکات بە خەباتی نەتەوەییانەی خۆی.

ئەم حیزبە توانیویەتی هەموو چین‌وتوێژەکانی کوردستان لە دەوری یەکدی کۆبکاتەوە و لەگەڵ هەموو ئەو شەپۆلە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە پێکهاتووە لە جیهان و ناوچەکە، توانیویەتی خاوەن سیاسەتی روونی خۆی بێ و هەردەم لە پێکهاتەی ئەو حیزبەدا نەوە لە دوای نەوە خەڵکی کوردستان لە خەباتی ئەو حیزبەدا بەشدار بوونە و لە ئێستادا کە ئەو حیزبە گەیشتۆتە دەستی پێنجەمین وەچەی خۆی، هەروا زیندووترین و بەهێزترین حیزبە لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵات.

حیزبی دێموکرات و ستراتیژیی سەربەخۆیی نەتەوەیی کورد

لە خەباتی بێوچانی حیزبی دێموکراتدا زۆر جار هەبووە کە ئەم حیزبە بەرژەوەندییەکانی خۆی کردۆتە قوربانیی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و خەباتی چالاکانەی خۆی بە شێوەیەکی تاکتیکی راگرتووە لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی پارچەیەک لە کوردستان و لەو پێناوەشدا قوربانیی بەرچاوی داوە. ئەو حیزبە لەهەر دەرفەتێکی ئەمڕۆیی، زانستی، نەتەوەیی کەڵکی وەرگرتووە بۆ ئەوەی بتوانێ دۆزی کورد لە ئاستی دێپلۆماسیدا لەگەڵ دونیای دەرەوە زیاتر بداتە بەر باس و دۆست بۆ کورد بە گشتی پەیدا بکات نەک تەنیا بۆ حیزبی دێموکرات. حیزبی دێموکرات خاوەن ستراتیژییەک بووە کە بەردەوام دوژمنانی کوردیش لێی ترساون و زانیویانە کە لە درێژخایەندا ئەو پشوودرێژی و دووربینییه کە دەتوانێ قازانجی کوردی تێدا بێ و بە زیانی ئەوان بێ، نەک هەڵچوون و بە هەڵەشە سیاسەتکردن. حیزبی دێموکرات وێڕای هەموو کەندوکۆسپەکانی سەر رێگەی خەباتی، قەت نەبووە کە سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە بەرانبەر دەوڵەتێکی داگیرکاری کوردستاندا لە دەست بدات و هەردەم بە شێنەیی و جەوهەری باس و بابەتە سیاسی_نەتەوەییەکانی هەڵسەنگاندووە و بڕیاری لەسەر داون.

ئەو خاڵانە و زۆر خاڵی دیکە، بوونەتە هۆی ئەوەیکە ئەو حیزبە گەر لە سەرەتادا وەک دیاردەیەکی سیاسی_کۆمەڵایەتی، بە شێوەیەکی “سڤیلانە” سەریهەڵداوە، لە درێژخایەندا لە چوارچێوەی پڕۆسەی خەباتی نەتەوایەتیدا لە نێو کۆمەڵگەدا زیاتر ریشە بهاوێ و ببێتە ئاڵاهەڵگری سەرەکیی خەباتی کورد لە پێناو رزگاریی نەتەوەیی لە کوردستان.

ئاکام

رۆڵی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدا باس دەکەین کە ئەو حیزبە بە مێکانیزم و سیستمێکی نوێی ئۆرگانی کە لە کۆنگرەی شازدەیەمیدا پەسەند کراوە، لە بەرەبەری حەفتا و سێهەمین ساڵڕۆژی دامەرزانیدا زیاتر دەردەکەوێ و چەند ساڵێکە دەستی بە راسانێکی نوێ لە پانتایی خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و بە کردەوە خەباتی شارو شاخی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێکەوە گرێداوە. ئەمڕۆ دەبینین کە ئەو حیزبە لە هەموو شار و گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونی بەرچاوتری هەیە و چاوەڕێ دەکرێ کە لە ئەگەری ئاڵوگۆڕە چاوەڕوانکراوەکانی ئێراندا، ئەمجارەیان رۆڵی زۆر سەرەکیتری هەبێ لە پێناو گەیشتنی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات بە مافەکانی.

ئەم مێژووه پڕ سەرروەرییه ئەوەمان پێدەڵێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەمرۆ یان سبەی، بۆ جارێکی دیکە هەر لەو جێیەی کە ئاڵای کۆماری کوردستان هەڵکرا، دیسان بە ورەیەکی بەرزترەوە، بە شارەزاییەکی زیاترەوە، بە ئەزموون و هەستێکی ئاوەزمەندانەترەوە، بە گوێرەی سیاسەتێکی حەکیمانەتر و گشتگیرتر و لە پانتاییەکی یەکگرتوخوازانەتری نەتەوەیی نێو ماڵی کورددا، دیسان ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵدەکاتەوە و کاریگەرترین حیزب دەبێ لە رێی گەیشتنی کورد بە ئاواتە نەتەوەییەکانی و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی خۆیدا له رۆژهەڵاتی كوردستان.

 

ئەم وتارە لە ماڵپەرەی “کوردستان مێدیا”و رۆژنامەی کوردستان زمانحاڵی “حدکا’دا، بڵاوکراوەتەوە.

 

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو