یادێک لە ھاوڕێی شەھیدم کەماڵ داشدووڕگە, جەماڵ عەبدوڵازادە

شەهید کەماڵ ئیبراهیم دوخت ئازەر ناسراو بە کەماڵ داشدووڕگە لە سالی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە گوندی داشدوورگەی سەر بە ناوچەی سندووس لە شارستانی نەغەدە لە بنەمالەیەکی مام ناوەندی لە دایک بوو و لە تەمەنی ٢٠ ساڵی دا لە سالی ١٣٦٤ی هەتاویدا وەکوو هەزاران کورو کوچی لاوی ئەم نیشتمانە داگیرکراوە چەکی شەرەف و کوردایەتی لە شان کرد و بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران.

دروستە شەهید کەماڵ هاوڕێ سەنگەرە قایم و بەورەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی من بوو و ئەم یادکردنەوەیە هەڵقوڵاو لە هەستی هاوڕێیەتی من بە نیسبەت ئەو هاوسەنگەرە شەهیدیە بەڵام شەهید کەماڵ هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی و مێرخاسی بوو کە من هەمیشە هان دەدات بە بیرکردنەوەیەکی چەند دێڕی یاد لەم شەهیدە قارەمانە بکەمەوە.  شەھید کەماڵ کوڕێکی رووح سووک، شوڕشگێر ودیمۆکرات، ئازا و چاو نەترس بوو.  قارمانی و بوێری لە باڵا و قەلافەتی دەباری و لە زۆربەی ھەرە زۆری عەمەلیاتەکانی ھێزەکانی ئەفشین و دمدم و قەندیل وەکوو شەری سەرشاخان – کە لەو شەرەدا جاش و خۆفرۆشی رەشناو قادر قەلاش بە سەزای تاوانەکانی خۆیی گەیشت – و شەری نیزێک قەلاتی شا کە تاقمی بەناو گروهی زەربەتی نەغەدە تەفروتنا کران و شەری دەستەولێخەی گوندی قەرەقەسابی سندووس کە لەو شەڕە دا بریندایش بوو بەشداری چالاکانەی کرد. شەهید کەماڵ لە زۆربەی عەمەلیات و دەرگیریەکان دا ئەوپەڕی قارەمانیەتی دەنواند و ئازایی و چاونەترسی شەهید کەماڵ ببو بە وێردی سەرزمانی دوست و دوژمن.

ناسینی من لە گەڵ ناوبراو دەگەرێتەوە بۆ سالی ١٣٦٨ ئەو کاتی کە شانازی لەبەرکردنی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیم بە نەسیب بوو و تێکەڵاو بە کاروانی خەبات و کوردایەتی بووم.   لە سالی ١٣٦٩ تاکوو ١٣٧١ ی هەتاوی  لە تیمێکی تەشکیلاتی دا رێکخسترابووین و ناسیاوی من لە گەڵ شەهید کەماڵ زیاتر لەو چەند ساڵ هاوسەنگەرییە بە یەکەوە بوو.  کەماڵ کورێکی زۆر دلسۆز و نیشتمان پەروەر بوو و لە گەل خەلک زۆر روو خۆش و لە گەل دوژمنی گەلەکەی زۆر بە برشت و جدی بوو. شەھید کەماڵ ھەر کات مەعموریەتێکیان پێ دەدا بێ یەک و دوو بەرێوەی دەبرد و ھەمیشەش لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بوو.  کەماڵ کوڕێکی بە جەرگ و زیرەک بوو؛ کە لە ناوچە دەبووین ھەمیشە قامکی لە سەر پەلاپیتکەی تفنگەکەی بوو و بە زوو دژکردوەوە نیشان دانی لەبەرامبەر دوژمن دا ورەی بە تاک تاکی هاوڕێ پێشمەرگەکانی دەبەخشی و ھەر کەس لە گەل شەھید کەمال بووبایە پشتی گەرم بوو کە لە مەعموریەت و جەولە سیاسی و تەشکیلاتی و نیزامیەکاندا سەرکەوتوو بێتە دەر.

بیرەوەری ئازایەتی شەهید کەماڵ گەلێک زۆرن بەڵام رووداوی گرتنی دوو چەکداری رژێم لە گوندەکەی خوی لە گشتیان سرنجراکێشتر بوو.  رۆژێک شەهید کەماڵ هاورێ لە گەڵ کادرەکانی کۆمیتەی نەغەدە دەچنە گوندەکەی خوێ و هاوکات لە هێندێک موئموریەتی حیزبی دیدار لە گەڵ دۆست و خزم و کەس و هاوگوندی نوێ دەکەنەوە. شەھید کەمال لە گەل ھاورێیەکی خویدا دا خەریکی گەڕان لە نێو کۆڵانەکانی گونددا دەبن و حەشیمەتێکی زۆری گوندیش بە شوێنیان کەوتبوون کە لەنەکاورا توشی دوو چەکداری رژێم دەبن کە بۆسەیان بۆ پێشمەرگەکان دانابووە.  شەهید کەماڵ کە بەسەریان دادەکەوێ و هەلی تەقە کردنی نابێ و لە وەبەرکەوتنی خەڵکی ئاسایش دڵ نیگەران بوو لەو پەڕێ ئازایەتیدا خۆ بە چەکدارەکان دا دەدا و ملی ھەر دوکیان دەگرێ و بە ھاوڕێیەکی دەلێ تفنگەکەیان لێ بستێنە و ھەردووک چەکداری دوژمن لە پێش چاوی خەلکەکە چەک دەکەن.  ئەو حەماسەیەی شەهید کەمال لە تەواوی ناوچەکەدا دەنگی دایەوە و دوژمنی بۆ بەداوداکردن و شەهید کردنی زیاتر هان دا.

رەحمەتی کاک قادر، باوکی شەھید کەماڵ  ھەمیشە لەوەی دەترسا کە کورد خیانەت بە یەکتر بکەن و دەی گووت ھەمیشە کورد لە کورد زەربە دەخوا دەنا دوژمن زەفەر بە کورد نابات و ھەمیشە قسەی سەر زاری ئەو بوو کە خیانەت بەیەکتر مەکەن.

مخابن کە ھەر ئەم ترسەی باوکی بەرۆکی شەھید کەماڵیشی گرت و  بە ھۆیی راپۆرتی خۆفرۆشێک، جاش و خۆفرۆشە چڵکاوخۆرەکانی رژێم لە رێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٧٢ لە دەڤەری گوندی دووڕگەی سەرپردێ نزیک لە زێدەکەی خۆی لە کانگای بەرد بۆسە بۆ تیمێکی تەشکیلاتی کۆمیتەی نەغەدە دادەنێنەوە و لە تەقەو پێکدادانێک دا کە ھاورێیانی شەھید کەمال کە ئەوکات لەگەلی بوون دەگێرنەوە کە زۆر بە ورەو وئازایانە دەستی کردەوە و بەڵام لە ھەر چوار لاوە گەمارۆ درابوو.   شەھید کەماڵ ھەتا فیشەکی ئاخر شەر دەکا و بەسەختی بریندار دەبێ و چەکدارەکانی رژێم ھەتا سبەی نیوەڕۆ ناوێرن لێی نزیک بنەوە.   بە داخەوە بە ھۆی قورسی برینەکەی و خوینڕێژی زۆر کەماڵ پێوەست بە کاروانی لەبڕان نەهاتووی شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزب و گەل دەبێ.

شەھید کەمال مرۆڤێکی تا بڵێی بنەماڵە دۆست و پابەند بە بنەما ئەخلاقی و مرۆڤییەکان بوو.  شەهید کەماڵ مناڵی هەموو ئەو کوردستانی بە مناڵی خوی دەزانی و سۆز و خۆشەویستی دەدانێ و هەمیشە دووپاتی دەکردەوە کە پێشمەرگە خۆشەویستی خەڵکە، و پێشمەرگەش دەبێ بەهەمان رادە خۆشەویستی و ئەمەگناسی بە خەڵکەکەی پێشان بدات.  شەهید کەماڵ ئارەزووی ئەوە بوو کە ئەگەر تەمەن ئیزنی بدات کۆرپەکەی خۆی لەباوەش بگرێ بۆیە لە هەر کویەکی ئەم کوردستانە مندالێکی بینیبا بە هەستێکی تایبەتەوە لە باوەشی دەگرت و سۆزی دەدایە.  سالی ٧٠ شەهید کەماڵ لە گەڵ پەروین خانم ژیانی هاوبەشیان پێک هینابوو کە بەرهەمەکەی بوو لەدایکبوونی کچێکی خنجیلانە و جوان و ناوی بە پشنیاری کەمال دەنێن کانیاو. بەڵام سەد داخ و مخابن شەھید کەماڵ وەک زۆرێک لە باوکانی شەهیدی ئەم زێد و نیشتمانە ھیچ کات کانیاو خانمی کچی نەدیت و لە ئامێزی نەگرت و بۆنی پێوە نەکرد. کانیاوی کچی دروست ٣ رۆژ پاش شەھید بوونی باوکی چاوی بە دونیایەک ھەڵێنا کە پر بوو لە چەرمەسەری و ناکامی.

یادی شەهید کەماڵ ھەردەم بەرز و پیرۆز، رووحی شاد و رێگای خەباتی پر لە رێبوار بێ.

جەماڵ  عەبدوڵازادە .ئەمریکا

٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو