كوردستان دۆستێكی راسته‌قینه‌ی‌ له‌ ده‌ستدا!، ره‌حیم ره‌شیدی

رۆژی هه‌ینی رێكه‌وتی ٢٥ی ئاگوستی ٢٠١٨، سه‌ناتۆری دیارو ناسراوی ئه‌مریكا جۆن مه‌ككین، پاش دوو ساڵ به‌ربه‌ره‌كانێ‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مێشك، كۆچی دوایی كرد.


 

جۆن مەککین گەورە سێناتۆری کۆمارییەکان له‌ ولایه‌تی ئاریزۆنا،  قاره‌مانی شه‌ری ویتنام و پاڵێوراوی پێشووی حیزبی كۆماری بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ ساڵی ٢٠٠٨دا بوو كه‌ پاش دوو ساڵ به‌ربه‌ره‌كانێی دژوار له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مێشك، سه‌رئه‌نجام رۆژی ٢٥ی ئاگوستی ٢٠١٨، كۆچی دوایی كرد.

بۆ خۆم چه‌ند جار له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌وره‌ سه‌ناتۆره‌ی ئه‌مریكا دیدارو چاوپێكه‌وتنی سیاسیی و رۆژنامه‌وانیم هه‌بوه‌و له‌ هه‌ڵوێست و رێنوێنییه‌كانی سوودی زۆرم بینیوه. خوالێخۆشبوو سه‌ناتۆر جۆن مه‌ككین دۆستێكی راسته‌قینه‌ی كوردستان و پشتیوانێكی قایمی پێشمه‌رگه‌ بوو‌.

ده‌توانم ڕاشكاوانه‌ بێژم كه‌ جۆن مه‌ككین يه‌كێك بوو له‌ پشتيوانه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى دۆزى ره‌وای كوردستان له‌ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا و به‌رده‌وام پشتیوانی بۆ كوردو كوردستان به‌ پانه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌.

 

كورته‌یه‌ك له‌ هه‌ڵوێشته‌كانی جۆن مه‌ككین ده‌رباره‌ی كوردستان و پێشمه‌رگه‌‌:

 

١٠ی مای ٢٠١١:

جۆن مه‌ككين، ئه‌و كات‌ پاڵێوراوى پارێزگاره‌كان بوو، سه‌ردانى شارى هه‌ولێرى كردو دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانى، داواي كرد، په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق و وتی: بارزانى رۆڵێكى سه‌ره‌كى هه‌يه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و لێكتێگه‌يشتنانه‌ى له‌ عێراقدا دێنه‌ ئاراوه‌.

 

١٠ی ئاگوستی ٢٠١٤:

جۆن مه‌ككين له‌ وتووێژێك دا له‌گه‌ڵ كاناڵی سی ئێن ئێن، ره‌خنه‌ى له‌ سياسه‌تى ئۆباما سه‌باره‌ت به‌ داعش گرت و رايگه‌ياند، بۆردومانى ئه‌مه‌ريكا بۆ سه‌ر داعش كاريگه‌رييه‌كى ئه‌وتۆى نييه‌و پێويسته‌ كورد له‌ عێراق و سووريا راسته‌وخۆ پڕ چه‌ك بكرێن.

پێويسته‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى سه‌ربازى به‌ په‌له‌ ره‌وانه‌ى هه‌ولێر بكه‌ين و پشتگيرى هێزى پێشمه‌رگه‌ بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌ره‌نگارى داعش ببێته‌وه‌.

 

٢٧ دێسێمبه‌ری ٢٠١٤:

 مه‌ككین له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵى ئه‌لحوڕه‌ى ئه‌مه‌ريكايى رايگه‌ياند، پێويسته‌ هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ماهه‌نگيان زياتر بكه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش.

 

٢٨ی ديسێمبه‌رى٢٠١٤:

 مه‌ككین رايگه‌ياند، هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ سوپاى عێراق به‌ تواناتره‌و سوپاى عێراق له‌ ئاستى پێويستدا نييه‌.

 

 ٢٩ی ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٦

مه‌ككین ره‌خنه‌ى توندى له‌ بۆردومانى فڕۆكه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و رۆژئاواى كوردستان گرت و رايگه‌ياند، كورد له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعش هاوپه‌يمانێكى به‌هێزى ئه‌مه‌ريكان و ئه‌و بۆردومانانه‌ سه‌قامگيرى نێوچه‌كه‌ ده‌شێوێنن.

 

 ١٥ى جانه‌وه‌ری ٢٠١٧

مه‌ككین داوايكرد، ئه‌مه‌ريكا راسته‌وخۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان پڕ چه‌ك بكات به‌ بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا و ره‌زامه‌ندى له‌ به‌غدا وه‌ربگرێت.

 

٢٣ی فێبراواری ٢٠١٧

مه‌ككین سه‌ردانى رۆژئاواى كوردستانى كردو پشتيوانى بۆ تێكۆشانى هێزه‌ كوردييه‌كان دژ به‌ داعش دووپاتكرده‌وه‌.

 

 ١٦ى ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٧

هاوكات له‌گه‌ڵ له‌شكركێشى سوپا و حه‌شدى شه‌عبى به‌ره‌و ناوچه‌ كوردستانييه‌كان و كه‌ركووك، جۆن مه‌ككین هۆشدارى دايه‌ عه‌بادى و حكومه‌تى عێراق و رايگه‌ياند، به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌مه‌ريكايى له‌ دژى كورد ئه‌نجامى كاره‌ساتبارى ده‌بێت بۆتان و باشتره‌ له‌و په‌يامه‌مان به‌ باشى تێبگه‌ن.

 

٢٧ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٧:

دواى رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و داگيركرانى به‌شێكى خاكى كوردستان له‌ لايه‌ن میلیشیای شێىعه‌وه‌‌، مه‌ككین داواى له‌ ئيداره‌ى تره‌مپ كرد ستراتيژێكى نوێ دابڕێژێت و پشتيوانى به‌هێز له‌ كورد بكات و رێگرى له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌ژموونى ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست به‌ تايبه‌تى له‌ عێراق و سووريا بكات. راشيگه‌ياند، ئه‌و چه‌كه‌ى ئه‌مه‌ريكا داويه‌تى به‌ عێراق بۆ شه‌ڕكردنه‌ دژى داعش نه‌ك به‌كارهێنانى له‌ دژى كورد.

 

 

٣١ی ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٧

مه‌كين رايگه‌ياند، بارزانى پياوى ده‌وڵه‌تدارییه‌و كورد دۆستى راسته‌قينه‌ى واشنتنن.

مه‌كين ستايشى رۆڵ و رێڕه‌وى ژيانى سياسى سه‌رۆك بارزانى كرد و رايگه‌ياند، بڕياره‌كه‌ى بارزانى بۆ درێژنه‌كردنه‌وه‌ى ويلايه‌تى سه‌رۆكايه‌تييه‌كه‌ى، بڕيارێكى ئازايانه‌يه‌و بڕيارى پياوێكه‌ كه‌ رێڕه‌وى ژيانى پڕ له‌ تێكۆشانه‌ له‌ پێناو مافى نه‌ته‌وه‌كه‌ى و بارزانى كه‌سايه‌تييه‌كى بوێره‌و ته‌مه‌نى له‌ پێناو ئامانجى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ته‌رخانكردووه‌.

هيواشى خواست، هه‌رێمى كوردستان له‌ دوژمنكارى دره‌ودراوسێكانى پارێزراو بێت.

 

٨ی نۆڤێمبه‌رى٢٠١٧

له‌ وته‌يه‌كدا كه‌ له ‌به‌رده‌م كۆنگرێس پێشكه‌شی كرد، مه‌ككین پشتيوانى له‌ كورد و هه‌رێمى كوردستان كرد و رايگه‌ياند، ئێران له‌ رێى فه‌يله‌قى قودسى سه‌ر به‌ قاسم سوله‌يمانييه‌وه‌ ده‌يه‌وێت ناكۆكى له‌ نێوان كورد و به‌غدا درووست بكات و هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق بكاته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ به‌هێزكردنى هه‌ژموونى خۆى.

مه‌ككين سه‌باره‌ت به‌ بێده‌نگى ئيداره‌ى تره‌مپ له‌ ئاست رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر ره‌خنه‌ى له‌و ئيداره‌يه‌ گرت و گوتى: ناڕوونى سياسه‌تى تره‌مپ له‌ عێراق و سووريا رێى خۆشكردووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاييه‌كه‌ له‌ لايه‌ن ميليشيا ئێرانييه‌كانه‌وه‌.

مه‌ككین به‌ يه‌كێك له‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌ تونده‌كانى سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌و سه‌ربازى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، دۆناڵد تره‌مپ هه‌ژمار ده‌كرا و ره‌خنه‌ى زۆريشى له‌ تره‌مپ ده‌گرت به‌ هۆى ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ ڤلاديمێر پوتن ئه‌نجاميدا، به‌و پێيه‌ى پوتن، مه‌كينى وه‌ك دوژمنى دێرين ناوده‌بات.

 

مه‌ككین و كۆماری ئیسلامی ئێران:

 

مه‌ككین به‌ توندی دژی كۆماری ئیسلامی بوو، ناوبراوی سیاسه‌تی تارانی به‌ هۆكاری ناسه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست ده‌زانی و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ پشتیوانی روو به‌ روو بوونه‌وه‌ی ئێرانی له‌ هه‌موو مه‌یدانه‌كان دا ده‌كرد. ته‌نانه‌ت ساڵی ٢٠٠٧، له‌ كۆرێك دا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌گه‌ر ببێته‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ ئێران بۆردومان ده‌كات.

هه‌روه‌ها له‌ مانگی فیوریه‌ی ٢٠٠٨دا، وتی: « ئه‌من هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌م كه‌ سێبه‌ری نیگرسی زێده‌خوازی ئێران به‌ درێژایی مێژوو به‌سه‌ر ئه‌و نێوچه‌وه‌ قورسایی ده‌كات و من دژی ئه‌مه‌م

هه‌روه‌ها مه‌ككین له‌ ساڵی ٢٠٠دا، كۆماری ئیسلامی به‌ رێژیمێكی سه‌رشێت و ده‌سه‌ڵاتی سێثه‌كان ناوبراو رایگه‌یاند: « جێگای داخه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی ئێران ناتوانێ له‌ دونیای پێشكه‌وتوو جیهانی شارستانی دا، جێگای بێته‌وه‌

 

مه‌ككین، توركیاو سوریا:

جۆن مه‌ككین له‌ ٢٧ی ئۆكتۆبری ساڵی ٢٠١٧دا،  داوای راگرتنی هێرشه‌كانی توركیای بۆ سه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كردو وتی كه‌ ئه‌و په‌لامارانه‌‌ ده‌بێته‌ هۆی ناسه‌قامگیری پتر.

گوتیشی له‌ مێژه‌ گوتوومه‌ هه‌ڵوێستی بێ كاریگه‌ری ئیداره‌ی ئۆباما ده‌رهه‌ق سوریا ده‌بێته‌ هۆی كاره‌ساتێكی ستراتیژی به‌رامبه‌ر توركیا. له‌ هه‌مان كاتیشدا هێرشی توركیا بۆ سه‌ر كوردانی سوریا ده‌بێته‌ هۆی ناسه‌قامگیری و نیگه‌رانییه‌كان زیاتر ده‌كات.

جۆن مه‌كین له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا وتبووی كه‌ جه‌نگاوه‌رانی كورد له‌ شه‌ڕی دژی داعش خواست و توانایی هاوبه‌شی خۆیان پیشاندا و به‌رده‌امبوونی هاوكاریمان له‌ به‌رژوه‌ندیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا و ولاتانی ناوچه‌یه‌ له‌وانه‌ توركیا. داوا له‌ حكومه‌تی توركیا ده‌كه‌م خۆی له‌ هێرش بۆ سه‌ر گرووپه‌ كوردییه‌كان له‌ سوریا بپارێزێت.

جۆن مه‌ككین له‌ دێسێمبه‌ری ٢٠١٦دا وتی” ئه‌وه‌ی له‌ سووریا رووده‌دات له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكی دیكه‌دا له‌ جیهان، به‌ بۆچوونی من ئاماژه‌یه‌ بۆ دارووخانێكی چاوه‌ڕوانكراو له‌ سیسته‌می جیهانی وه‌ك ئه‌و ره‌وشه‌ی له‌ پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م جیهانی تێكه‌ووت، سه‌ربڕینی خه‌ڵك له‌ حه‌له‌ب ده‌بینین به‌ شێوه‌یه‌كی دڵ شكێن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سیاسه‌تی دووره‌په‌رێزی سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكاوه‌یه‌،چو‌نكه‌ له‌و كاته‌ی ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی به‌ڕێوه‌نه‌بات،خه‌ڵكانێكی دیكه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌گرنه‌ ده‌ست،بۆیه‌ سه‌ربڕینه‌كان ده‌بینین. دڵم شكاوه‌ له‌وه‌ی له‌ حه‌له‌ب روویداوه‌،كۆمه‌ڵكوژی روویداوه‌،ئه‌مه‌‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی‌ وه‌ك ئه‌وانه‌ی سه‌ده‌ی  بیسته‌م و داوای له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرد،كارێكی زۆر بكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆی و به‌رگریكردن له‌و قه‌یرانه. كاتێك ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌شتییه‌كان و هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و بڕینی گه‌ردنی سوورییه‌كان و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ ده‌بینم له‌وێ رووده‌ده‌ن،ده‌كرێت بڵێم ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ داڕووخانی سیسته‌می جیهانی، كه‌ پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م دامه‌زرا،ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ زۆرترین كات ئاشتی و ئارامی به‌رهه‌مهێنا له‌ مێژووی جیهاندا“.

له‌و دوایانه‌ش دا مه‌ككین پێ وابوو كه‌ واشنگتن ده‌بێ مشوورێك له‌ توندئاژۆیه‌كانی ئه‌ردۆان بخوات و به‌ روونی ده‌یووت كه‌ توركیا چیدی دۆستێكی متمانه‌ پێكراو نیه‌و ته‌نانه‌ت داوای ده‌ركردنی باڵوێزی توركیای له‌ واشنگتن كرد.

 

 

كورته‌یه‌ك له‌ ژیان و خه‌باتی جۆن مه‌ككین:

مه‌ككین ساڵی‌ ١٩٣٦ له‌دايك بووه‌ و خێزانه‌كه‌ى له‌ كه‌رتى هێزى ده‌ريايى ئه‌مه‌ريكا كاريان ده‌كردو پله‌ى باڵايان هه‌بووه‌. باوكى فه‌رمانده‌يه‌كى ناودارى سوپاى ئه‌مه‌ريكا بووه‌ له‌ ماوه‌ى شه‌ڕى ڤێتنامدا. باپيريشى هه‌ر فه‌رمانده‌يه‌كى به‌ناوبانگى سوپا بووه‌. دواى خوێندنى سه‌ره‌تايى و ناوه‌ندى له‌ قوتابخانه‌يه‌كى سه‌ر به‌ كڵێسه‌ى ئه‌سقه‌فييه‌ى ئه‌مه‌ريكى له‌ ئه‌كاديمايى هێزى ده‌ريايى ئه‌مه‌ريكا له‌ ئاناپۆلسى ويلايه‌تى مێريلاند خوێندوويه‌تى، وه‌ك چۆن باوك و باپيرى هه‌ر ئه‌و ئه‌كاديميايه‌يان ته‌واو كردبوو. له‌ ١٩٥٨ ئه‌كاديمياكه‌ى ته‌واوكرد و دواتر فێرى فڕۆكه‌وانى بوو و له‌ ١٩٦٠دا بووه‌ يه‌كێك له‌ فڕۆكه‌وانه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌سه‌ر كه‌شتيگه‌لى ئه‌مه‌ريكايى سه‌ر ده‌رياى كاريبى و رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست.

له‌ ١٩٦٧دا نێردراوه‌ بۆ ڤێتنام و فڕۆكه‌ى ئه‌ى٤ سكاى هۆكى ئه‌مه‌ريكى لێخوڕيوه‌.

كاتێك له‌سه‌ر كه‌شتى فڕۆكه‌هه‌ڵگر بووه‌، له‌ رووداوێكى ته‌قينه‌وه‌ رزگارى بووه‌، كه‌ ١٣٤ سه‌رباز به‌ هۆيه‌وه‌ كوژران و ژماره‌يه‌ك فڕۆكه‌ ته‌قينه‌وه‌ و مه‌ككین به‌ بريندارى توانى فڕۆكه‌كه‌ى به‌جێبهێڵێت و رزگارى بێت. يه‌كێك بووه‌ له‌ ديله‌كانى شه‌ڕ له‌ ڤێتنام و ماوه‌ی ٥ ساڵ گیراوه‌و به‌و هۆيه‌وه‌ ناوبانگێكى نيشتيمانى بۆ درووست بوو. هۆليۆدى ئه‌مه‌ريكا چيرۆكى ژيانى مه‌ككينى له‌ فيلمێكدا به‌رهه‌مهێناوه‌.

 

كورته‌یه‌ك له‌ خه‌سڵه‌ت و بيروڕا سياسييه‌كانى:

له‌ رووى ئاينييه‌وه‌ هه‌ڵوێستى پارێزگارانه‌ى هه‌بووه‌. پشتيوانى بازرگانى ئازادى ده‌كردو‌ و داواى سنووردانانى بۆ خه‌رجى ده‌وڵه‌ت كردووه‌. جيا له‌ حزبه‌كه‌ى خۆيشى بۆچوونى تايبه‌تى هه‌بووه‌ و دژى زۆرينه‌ى كۆمارييه‌كانيش وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ له‌ كۆنگرێسدا و پرۆژه‌ى سياسیى سه‌ركه‌وتووى خستووه‌ته‌ به‌رباس. به‌ توندى ره‌خنه‌ى له‌ ئيداره‌ى خراپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا جۆرج بوش و وه‌زيرى به‌رگرييه‌كه‌ى دۆناڵد رامسفێڵد گرتووه‌ له‌ باره‌ى شه‌ڕى عێراقه‌وه‌. هه‌روه‌ها دژى سه‌ربازگه‌ى گوانتانامۆو به‌كارهێنانى ئه‌شكه‌نجه‌ بووه‌ بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ گیراوه‌كان.

سه‌ره‌ڕاى هه‌ڵوێسته‌ دژه‌كانى له‌ نێو گه‌لى ئه‌مه‌ريكا به‌ هۆى رابردووه‌كه‌يه‌وه‌ به‌رده‌وام وه‌ك كه‌سێكى سه‌رڕاست ناوى براوه‌..

له‌ نێوخۆى ئه‌مه‌ريكا دژى ئه‌وه‌ بوو چه‌كى سووك به‌ ده‌ست خه‌ڵكه‌وه‌ بێ. هاوڕێ بوو له‌گه‌ڵ هێشتنه‌وه‌ى مافى په‌نابه‌رێتى و وه‌رگرتنى ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌مه‌ريكا. داواى پاراستنى ژينگه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى گه‌رمبوونى گۆى زه‌وى ده‌كرد، كه‌ ئيداره‌ى بوش دژى وه‌ستابوويه‌وه‌.

به‌ هۆى ئه‌و تايبه‌تمه‌ندييانه‌يه‌وه‌، له‌ نێو دێموكرات و كۆمارييه‌كاندا كه‌سێكى رێزلێگيراو بوو. كاتێكيش ئه‌و پشتيوانى له‌ سياسه‌تى بوش به‌رامبه‌ر به‌ عێراق كرد، له‌ نێو كۆمارييه‌كاندا پێگه‌ى زياتر هه‌ڵكشا و بووه‌ پشتيوانێكى به‌هێز بۆ سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆك بوش.

له‌ هه‌ڵبژاردنى ٢٠٠٨ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ريكا، مه‌ككين پاڵێوراوى كۆمارييه‌كان بوو بۆ ركابه‌رى باراك ئۆباماى دێموكراته‌كان و به‌ رێژه‌ى %٤٧.٦ به‌رامبه‌ر به‌ %٤٤.٨ له‌ پێشه‌وه‌ى ئۆباما بوو، به‌ڵام دواى دوو مانگ ئۆباما به‌ رێژه‌ى %٥٠.٨ كه‌وته‌ پێش مه‌ككين و له‌ ئاكام دا سه‌ركه‌وت. به‌و جۆره‌ مه‌كين له ئه‌نجوومه‌نی‌ پيران مايه‌وه‌، كه‌ له‌ ١٩٨٧، بۆ ماوه‌ی شه‌ش ده‌وره‌،‌ ئه‌ندام بووه‌ تێيدا.

جۆن مه‌ككین له‌ ئه‌نجوونی پیران، سه‌رۆكی لێژنه‌كانی بازرگانی، كاروباری سوورپێسته‌كان و له‌ ساڵی ٢٠١٥ به‌ دواوه‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بوو. ناوبراو به‌ ده‌یان په‌رتووكی چاپ و بڵاو كردۆته‌وه‌و  باوكی ٧ منداڵ بوو.

یادو ناوی به‌رزو به‌رێز بێ.

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو