دکتۆر قاسملوو سیمایەکی کاریگەر و تێکۆشەری سیاسی و دیپلۆماتکارێكی بەئەزموونی نەتەوەیی بوو!، محمد سلێمانی

٢٧ ساڵ لەمەوەبەر، ڕێژیمی تیرۆریستی ئاخوندی ئێران لە ڤییەن پایتەختی وڵاتی ئوتریشدا، دیارترین و کاریگەرترین تێکۆشەری سیاسی و دیپلۆماتکاری بەئەزموون و  نەتەوەییmuhamad-suleimani-،

دکتۆر قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر مێزی وتووێژی ئاشتی بە دەستی پیاوکوژەکانی  شەهید دەکا و بەوجۆرە بزووتنەوەی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان زیانی  گەورەی پێدەگات. بەداخەوە بە هۆی تێوەگلانی حکوومەتی ئوتریش و داموودەزگائەمنیەکانی ئەو وڵاتە، بکرەکانی ئەو کردارە نامرۆڤانەیە بە سڵامەتی ڕادەستی تاران دەکرێنەوە و خەباتی گەلێکی بندەست و ستملێکراوی وەك کورد، فیدای کۆمەڵێك دەسکەوتی پچووکی ئابووری و بازرگانی دەکرێت و لەوێدا حیساب بۆ مافی سیاسی و نەتەوەی مرۆڤەکان لە بەرچاوناگیرێت. لەو ڕۆژەوە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو ساڵێك  بە ئازار و ناڕەحاتیەوە رۆژی ٢٢ی پووشپەر یاد دەکاتەوە و پەیمان و بەلێن لە گەڵ روح و ڕێبازی پڕ لە شانازی و بنەمادێمۆکراتیکەکانی خەباتی   دکتۆر قاسملوو  نوێ دەکەنەوە کە هەتا بەدی هاتنی ئاواتەکانی تێکۆشان  و بەرخۆدان لە کوردستان بەدژی ڕێژیمی نیزامی ئاخوندی  درێژەی دەبێت. بێگوومان دەستپێکردنەوەی بزووتنەوەی چەکداری لە هەلومەرجی ئێستای خەباتدا، جێ بەجێکردنی یەكێك لە تاکتیکە کورتخایەنەکانی ئەو شێوە شۆڕش و تێکۆشانە بەرین و گشتگیریە کە ڕێبەری چاونەترس و ناوداری گەلی کورد قاسملوو بەدژی حکوومەتی ئاخوندی ڕایگەیاندبوو و وەك وەسیلەیەك بۆ گەیشتن بە سەر مێزی وتووێژی ئاشتی. دیارە کاتێك ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و ئەمنی وڵاتێك هەوڵدەدات بە رێگای  سەرکووت و لەنێوبردندا، دەنگی ئازادیخوازی نەتەوەیەك کپ بکات، باشترین بژاردەی رووبەرووبوونەوە بۆ گەشەپێدان و  بردنە پێشەوەی بەرخۆدانی نەتەوەی، تێکۆشانی سیاسی و چەکداریە هەتا ناوەند ناچاربکرێ،  بێت لەگەڵدا کۆبێتەوە و گوێ بۆ داواکاریەکانت بگرێ.  ڕێژیمی ئاخوندی هەتا ئەو جێگای دەرەتانی هەبێت و فشاری نێوخۆ و دەرەوەی لەسەرنەبێت، ئاوەڕ لە مەسەلەی کورد و کێشەی فرەنەتەوەی بوون لە وڵاتدا ناداتەوە و هەوڵدەدات ئەو واقعیەتە سیاسی و فرەنەتەوەی و فرە ڕەنگی لە وڵاتدا بشارنەوە و وەك خۆیان دەیان هەوێت حوکمڕانی بەسەر ئیرادەی گەلانی ئێراندا بکەن. حیزبی دێمۆکڕات بنەمافیکری و نەتەوەیەکانی لەسەر ئەساس و پێوەرە دێمۆکراسیەکان دامەزراوە و هەرگێز لە خەباتی خۆیدا، کەیفی بە پێکدادانی چەکداری و توندوتیژی  نەهاتووە و ناچارکراوە کە بۆ مانەوەی خۆی و پاراستنی  پیرۆزیەکانی نەتەوەی کورد،چەك بگرێتە دەست.

ئێستایش کە تێکۆشانی چەکداری دەستیپێکراوەتەوە و کادر و پێشمەرگەکانی حدکا لە نێوخەڵکدا کاری سیاسی و تەشکیلاتی ئەنجامدەدەن و لە زۆر شار و ناوچەی کوردستان لە گەڵ سپای پاسداران توشی شەڕ هاتوون و زیانی زۆر گەورەشیان بەڕێژیم گەیاندوە، بەدڵنیایەوە هیچ لایەك و لانیکەم حیزب و خەڵکی کوردستان خوازیاری ئەو پێکدادانە نیزامیە نین و، ئەوە کاربەدەستانی تارانن کە گەلی کوردیان ناچارکردوە بۆ جارێکی دیکە لە مێژووی سیاسیدا، پەنا بەرێتەوە بەر خەباتی چەکداری.  چوونکی  ڕێژیم  هەوڵنادات بێت بە ڕێگای تردا پرسی نەتەوەی کورد لە ئێراندا  چارەسەربکات و ئارامی و ئاسایش بۆ گەلانی بندەستی وڵات  بگێڕێتەوە. حکوومەتی ئاخوندی کاتێك دکتۆر قاسملوویان وەك کاریگەرترین نەیاری خۆیان  لە دەرەوەی وڵات لە نێوبرد، پێیانوابوو، ئیدی تازە شۆڕشی خەڵکی کوردستان بڵاوەی پێدەکرێ و بزووتنەوەی سیاسی بەتەواوی پەکیدەکەوێت. بەڵام مێژووی سیاسی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  سەڵماندی کە قوتابیانی ڕێگا و ڕێبازی قاسملوو بە شێوەیەك پەروەردەکراون کە بەرگەی سەختی و ڕۆژە ڕەش و تاریکەکانی قۆناخە جۆربەجۆرەکانی خەبات بگرن و لەکات و جێگای پێویستدا بڕیاری نوێ و چارەنووسسازبدەن و مەیدان تێکۆشان چۆلنەکەن و هەوڵی بەرەوپێشبردنی خەبات بدەن.

 

13.07.2016

 

نوێترین بابەت و هەواڵ
ئارشیو